
سێو و مێخەک
هەر سێوێکی ئەوینداری کە مێخەکڕێژ دەکەم
چامەیەکە لە شێعری ئەوین
کە هەر مێخەک خۆی وشەیەکی عەشقە و
هەر دێڕەی وەرزێکە لە بەسەرهاتی شکۆی ژین
بۆیە سێوی سوور و مێخەک بووەتە سەمبول
بۆ یەکەم ژوان، بۆ پێشکەشکردن
بۆ لەبیرنەچوون
بۆ مانەوە لەگەڵ ئەوین
“شەرمین ئیبڕاهیمئاقا”
سێوی مێخەکڕێژ، هێمای ئەوین و ئاشتی و خۆشەویستیی کوردەواری

سێوی مێخەکڕێژ نەریتێکی کۆنی کوردەوارییە لەنێوان خۆشەویستەکان و هاوسەرەکان.
کاتێک دڵدارەکان دەیانویست خۆشەویستیی خۆیان بە یەکتری نیشان بدەن سێوێکیان بە گوڵی مێخەکی وشککراوە ڕووپۆش دەکرد و وەکوو هێمایەک بۆ خۆشەویستی، بەیەکتریان دەدا.

ئەم سێوە دوو تایبەتمەندیی هەیە:
- یەکەمیان: بۆنێکی زۆر خۆشی هەیە.
- دووەمیان: کاتێک سێو بە گوڵی مێخەک ڕووپۆش دەکرێت تەمەنی بۆ زیاتر لە سەد ساڵ درێژ دەبێتەوە: وەکوو هێمایەک بۆ خۆشەویستیی هەتاهەتایی.
واتای ئەوەی هەیە کە خۆشەویستیی من وەکوو تەمەنی ئەو سێوە هەتاهەتایییە و بۆنی خۆشەویستیمان لە چەشنی سێوی مێخەکڕێژ دەچێت.
دەتوانین بڵێین سێوی مێخەکڕێژ هێمای ئەڤین و ئاشتی و خۆشەویستیی کوردەوارییە.
دەنگ بدەن بەم نووسراوە:




Loading…
