پوختە
وشەی “ئافرەت” لە کوردیی ئەمڕۆدا هاوتایە لەگەڵ مانای “ژن” کە وشەیەکی دیارە بۆ ماناکردنەوە و نێوهێنانی مرۆڤی مێیینە. لێکچوونی فۆرمی و ڕواڵەتییی ئەو وشەیە لەگەڵ “عفریت” و “عفریته” لە زمانی عەڕەبیدا، پرسیارێکی ورد لەبارەی بنەچەی ئەم وشەیە دەورووژێنێ.
لەم پێداچوونەوەیەدا، سێ گریمانەی سەرەکی سەبارەت بە بنەچەی وشەی “ئافرەت” لەبەر چاو گیراوە:
١) ڕەچەڵەکی عەڕەبی (پەیوەندیی لەگەڵ “عفریت” بە واتای “جن/ جنۆکە/ جندۆکە”)
٢) ڕەچەڵەکی ئێرانی (نەک تەنیا فارسی یان کوردی) (لە ڕەگی ئاڤێستایی/پەهلەویی “ئافریت” / “ئافرێتە” بە واتای “دروستکراو”)
٣) ڕەچەڵەکی پێکهاتەیی/ اشتقاقی (یان پەرەسەندنی مانا لە زمانە ئێرانییەکان لەژێر کاریگەریی زمانی عەڕەبیدا).
بە پشتبەستن بە بابەتگەلی زمانەوانیی مێژوویی و فەرهەنگ و وشەدانە ناسراوەکان، دەردەکەوێ کە بنەچەی ئێرانی، باوەڕپێکراوترین و جێمتمانەترین ڕوونکردنەوەیە و پەیوەندیی “ئافرەت”ـی کوردی لەگەڵ “عفریت”ـی عەڕەبیدا زۆر لاوازە و ئەو بۆچوونە زیاتر، پێ دەچێ دەرئەنجامی فۆلک-ئێتێمۆلۆژی( Folk-etymology) یان هەمان وشەتوێژیی سەرزارەکی بێ کە تەنیا پشتبەستە بە هاوشێوەی ڕواڵەتیی وشەکان و پەوەندیی مانایی لەبەرچاو ناگرێ.
وشە سەرەکییەکان
ئافرەت، ڕەچەڵەکناسی، ئێتێمۆلۆژی، فۆلک ئێتێمۆلۆژی، عفریت
بە نێوی خوای بەخشندە و دلۆڤان
پێشەکی
لە زمانی کوردیدا “ئافرەت” یەکێکە لەو وشە بنەڕەتییانەی کە تایبەت بۆ مانای ژن بەکارهاتووە. بەڵام له فارسی و عەڕەبیدا، فۆرمه هاوشێوەکان (“عفریته”، “عفریت”) مانای نێگەتیڤ یان نەرێنییان هەبووه. هەر ئەو بابەتە بووەتە هۆی دروستبوونی گریمانەی جۆراوجۆر و دژواز سەبارەت بە سەرچاوەی وشەکە.
پشکنینی وردی بابەتەکە، پێویستی بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە زمانەوانییە مێژووییەکان (ئاڤێستایی، پەهلەویی، عەڕەبیی کلاسیک) و هەروەها وشەدانی فارسی و کوردی هەیە.
سێ گریمانەی سەرەکی سەبارەت بە سەرچاوەی وشەکە بریتین لەوانە؛
گریمانەی یەکەم: ڕەچەڵەکی عەڕەبی
ئەم گریمانەیە باس لەوە دەکات کە “ئافرەت”/”ئەفریتا” لە بنەڕەتدا لە وشەی عەڕەبیی “عِفریت”(ʿifrīt) وەرگیراوە.
لە زمانی عەڕەبیی کلاسیکدا، “عِفریت” بە واتای “جن یان جندۆکەیەکی بەهێز” هاتووە.
(لەین، فەرهەنگی عەڕەبی-ئینگلیزی/ s.v. ʿifrīt)
(Lane, Arabic-English Lexicon, s.v. ʿifrīt).
(قورئانی پیرۆز – نەمل ٣٩؛ قالَ عِفْرِيتٌ مِنَ الْجِنِّ أَنَا آتِيكَ بِهِ قَبْلَ أَنْ تَقُومَ مِنْ مَقامِكَ / واتا: کەسێکی بەهێز لە جننەکان وتی پێش ئەوەی لە جێی خۆت هەستی، بۆت دێنم.)
هەروەها بەکارهێنانی “عفریته” لە فارسی ئەمڕۆییدا بۆ “ژنێکی خراپ و ناشرین” دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەم سەرچاوەیە.
بەو پێوەرەی کە مانای ژن لە بەشێک لە کۆنەفەرهەنگەکاندا، ئاوێتەی چەشنێک لە ڕقی شێراوەی پیاوانە بووە، بۆ بەکەمزانینی کەسایەتیی ژنان و نزیککردنەوەیان لە بوونەوەرە خەیاڵاوییە دزێوەکانی وەک جنۆکە و جادوو و …، ئەو گریمانەیە تا ڕادەیەک قایمتر دەبێتەوە.
گریمانەی دووەم: ڕەچەڵەکی ئێرانی (ئاڤێستایی/ پەهلەوی)
بە پشتبەستن بە بابەتەکانی زمانەوانیی بەراوردکارانە، وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگی ئێرانی āfrit- کە بە واتای “دروستکراو” یان “بوونەوەر” بەکارهاتووە. لە کوردیشدا بە واتای “ژن”ـه، واتە “بوونەوەرێکی ڕەسەن/کەسێک کە دروست دەکات یان ئافرێنەرە”. بۆ نموونە؛
– بارتۆلۆمیا (١٩٠٤) «āfrita-: creatura, Geschöpf» (ئافرەت= مەخلووق، بوونەوەر، سازکراو)
– مەکێنزی (فەرهەنگی پوختی پەهلەوی، ١٩٧١):
“ئافریت: بوونەوەر، بوونێکی دروستکراو”.
سەرجەم ئەو باس و وتانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بناغە و ڕێچکەی سەرەکیی وشەی “ئافرەت” لە afrin- (واتایەک بۆ دروستکردن) وەرگیراوە.
گریمانەی سێیەم: سەرچاوەی تێکهڵکێشان یان گۆڕانی مانا
ڕەنگە وشەکە لە بنەڕەتدا ئێرانی بێت، بەڵام ماناکەی لە زمانی فارسیی ڕەسەندا بەهۆی لێکچوونی ڕواڵەتەکەی لەگەڵ “عفریت”ی عەڕەبی گۆڕانی بەسەردا هاتبێت.
دەکرێ بڵێین بەکارهێنانی “عفریت” بە مانای “ژنێکی ناشیرین/ خراپ” دەرئەنجامی جۆرێک لە فۆلک-ئیتیمۆلۆژی یان وشەتوێژیی سەرزارەکی و تێکهەڵکێشرانی دوو ڕەگ و بنەمای جیاوازە.
سێ وڵامی سەرەکی بە پشتبەستن بە بەڵگەکان
وڵامی گریمانەی یەکەم (ڕەچەڵەکی عەڕەبی)
لە ڕووی ئیتیمۆلۆژییەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ “عفریت”ی عەڕەبیدا زۆر لاوازە. “عفریت” بە ڕەچەڵەک سامییە و هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی لە دەقی عەڕەبی یان فارسیدا نییە کە وەک “عافرَت” هاتبێتە ناو کوردییەوە.
جگە لەوەش مانای “ژن” لە زمانی کوردیدا ڕەگ و ڕیشەی مانای “بوونەوەر/ دروستکراو”ـی هەیە نەک “جن/ دێو و درنج”.
وڵامی گریمانەی دووەم (ڕەچەڵەکی ئێرانی)
ئەم گریمانەیە هەڵگری بەهێزترین و قایمترین بەڵگە و پشتیوانی مێژویی و زمانەوانییە. سەرچاوە ئاڤێستایی و پەهلەوییەکان، مانای ئاشکرای “ئافریت” بە واتای “بوونەوەر” پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەو مانا بنەڕەتییە دەکرێ بە سادەیی لە کولتوری کوردیدا پەرەی سەندبێت بۆ وشەی “ئافرەت” وەک نێوێکی تایبەت بۆ “ژن” (واتە مرۆڤ یان دایکی ئافرێنەر). بۆیە پێ دەچێ ئەوە ڕەواترین ڕوونکردنەوە بێ.
وڵامی گریمانەی سێیەم (گۆڕانی مانا)
بەڵگە مێژوویی و زمانەوانییەکان ئەوە دەردەخەن کە لە زمانی فارسییدا وشەی “عفریتە” واتایەکی نەرێنی وەرگرتووە.
لە وتووێژی ئەوڕۆی زمانی فارسی و بگرە لە هێندێک فەرهەنگ و سەرچاوە گشتییەکانی وەک دێهخۆدا و موعین و عەمید، مانای “ژنێکی خراپ” یان “ژنێکی ناشیرین”ـی بۆ چەسپاوە و بەبێ بەربەست تۆمار کراوە.
ئەو گۆڕانکارییە ماناسازییە ڕەنگە لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی کولتووری و لێکچوونی ڕواڵەتیی وشەکە لەگەڵ “عفریت”ـی عەڕەبیدا پێک هاتبێ.
بەڵام له زمانی کوردیدا ئه م گۆڕانکارییه ڕووی نەداوه و هێشتا وشەکه مانای بێلایەن (خُنثی / نە ئەرێنی و نە نەرێنی) و بنەڕەتیی “ژن”ـی هەیه.
ئەنجامەکان
بنەچەی عەڕەبی (پەیوەندی وشەی “ئافرەت” لەگەڵ “عفریت”) پشتیوانی مێژووییی نییە.
ڕەچەڵەکی ئێرانی (لە āfrit- = بوونەوەر، دروستکراو) ڕەواترین گریمانەیە کە لەسەر بنەمای بەڵگە و دەقەکانی ئاڤێستایی و پەهلەوی دامەزراوە.
گۆڕانی مانا لە زمانی فارسیدا (واتا نەرێنییەکەی “عفریتە”) دەرئەنجامی فۆلک- ئیتیمۆلۆژی و وێککەوتنە لەگەڵ زمانی عەڕەبی، نەک سەرچاوەی ڕەسەنی وشەکە.
بۆیە وشەی کوردیی “ئافرەت” درێژەی مانا و وشەیەکی سەربەخۆی ئێرانییە کە بە تێپەڕبوونی کات لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دۆزراوەتەوە و ئێستا لە زمانی کوردیدا، تەنیا مانای “ژن”ـی بۆ بە دروست هەڵدەژمێرێ.
هەندێک لە سەرچاوەکان:
- قورئانی پیرۆز
- عمید، حسن. (۱۳۸۹). فرهنگ عمید. تهران: انتشارات امیرکبیر.
- دهخدا، علیاکبر. (۱۳۷۷). لغتنامهٔ دهخدا (چاپ دوم). تهران: مؤسسه لغتنامه دهخدا، دانشگاه تهران.
- معین، محمد. (۱۳۸۳). فرهنگ فارسی معین (۵ جلد). تهران: انتشارات امیرکبیر.
- شرفکندی، عبدالرحمن (ههژار). (۱۳۷۵). هەنبانە بۆرینە (فرهنگ کردی–فارسی). تهران: انتشارات سروش.
- فیروزآبادی، محمد بن یعقوب. (۱۳۶۲). غیاثاللغات. تهران: انتشارات اسلامیه.
- بۆرەکەیی، محمد مردوخ. (۱۹۹۰). فەرهەنگی بۆرەکەیی (کردی–فارسی). سلیمانیه: انتشارات ئاراس.
- خاڵ، عبدالرحمان. (۲۰۰۵). فەرهەنگی خاڵ: کوردی–عەڕەبی–ئینگلیزی. هەولێر: کەتابی زانکۆی هەولێر.
- لوئیس المعلوف، فؤاد افرام. (۱۹۹۲). المنجد في اللغة والأعلام. بیروت: دار المشرق.
- هژار، عبدالرحمان. (۱۳۶۵). فرهنگ کردی–کردی. تهران: نشر سروش.
- رشید یاسمی، غلامرضا (۱۳۱۶). کرد و پیوستگی تاریخی و نژادی او. تهران: کتابفروشی ابنسینا.
- Bartholomae, C. (1904). Altiranisches Wörterbuch. Strassburg: Trübner.
- MacKenzie, D. N. (1971). A Concise Pahlavi Dictionary. London: Oxford University Press.
- Lane, Edward William. An Arabic-English Lexicon. London, 1863–1893.
A Preliminary Inquiry into the Etymology of the Kurdish Lexeme Afrat
Zanyar Mohammadpour
Abstract
In modern Kurdish, the lexeme afrat functions as the equivalent of “woman,” occupying a central position within the field of female gender designation. Its phonological similarity to the Arabic forms ʿifrīt and ʿifrita has prompted extensive debate about its historical derivation. This paper examines three major hypotheses regarding its etymology:
1. an Arabic origin, connecting it to ʿifrīt (“spirit, demon, specter”);
2. an Iranian origin, not limited to Persian or Kurdish, but tracing back to the Avestan and Middle Persian forms āfrit / āfrita (“creature, creation”);
3. an account based on semantic shift or derivation based on folk etymology within Iranian languages under conditions of Arabic linguistic.
Drawing on historical-comparative linguistics, philological evidence, and authoritative lexicographic sources, the Iranian origin emerges as the most plausible explanation. The suggested link to Arabic ʿifrīt is highly tenuous, as it rests chiefly on surface-level phonological resemblance while disregarding established patterns of semantic change.
Keywords: Afrat, etymology, historical linguistics, folk etymology, semantic shift, ʿifrīt



سپاس بوجنابتان بو ڕون کردنەوەی وشەکانی ئافرەت و عفریتە ،
دیارە ئافرەت وشەیەکی کوردیە ،
و عفریتە وشەیەکی عەڕبی .