پێشەکی:
«لەیلی و مەجنوون» ناوی دوو دڵدار کە دەمێکە بوونە بە هێمای خۆشەویستی و ئەوینی ڕاستەقینە. لەوانەیە گەر هونەری «نیزامی»ی شاعیری پایەبەرز نەبا چیرۆکی ئەم ئەوینە لە لاپەڕەیەکی کورتی مێژووییدا تۆمار کرابا و بەم شێوەی ئێستا نەهاتبا ناو بیر و زەینی کۆمەڵگا و ئەم عیشقە بایەخی ئێستای بۆمان نەبووبا. ڕاستە کە ئەم بەسەرهاتە داهێنانی ئەم شاعیر و بیرمەندە نەبووە، بەڵام شێوازی هۆنینەوە و پەڕوباڵ پێدانی و گێڕانەوەکەی، بۆتە هۆکاری خۆماڵیکردنی. ئەم خۆماڵیبوونەیە کە تاکی ئێرانی و فارسیزمان و فارسیزان لەو ئاستەدا دەتوانێت پەیوەندیی پێوە بگرێت و هەستەکانی بە هەستێکی بێگانە و غەوارە نەزانێت.
کوردیش وەکوو گەلێکی خاوەن هەست و بیر و هزر، هەموو کات بە چاوی سەرنج و بایەخەوە ڕوانیویەتە بەرهەم و شاکارە ئەدەبییەکان و ئەویش وەکوو هەموو گەلانی جیهان هەوڵی داوە بە زمان و بیری خۆی هەستەکانی دەرببڕێت. لەم ڕێگایەدا هەر کاتێک باسی دڵداری و عیشق و هەست و ئەوین بووە، بە چاوی سەرنجی کراوەتر لە پێشوو لێی ڕوانیوە و بۆ کوردانی تری گێڕاوەتەوە. بەهۆی نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ ئەم گێڕانەوەیە زۆرتر بە زمانێکی جگە لە زمانی خۆی بووە، هەر بۆیەش بۆ تێگەیشتن و شارەزابوونی تەواو لەو زمانانە تێکۆشانێکی زۆری کردووە و کەسانێکی پسپۆر و لێزانی پەروەردە کردووە.
سەرەڕای ئەمە و لەم بارودۆخەشدا کەسانێکی بیرمەند و لێزانی زۆر، هەڵکەوتوون کە هەستیان بە خاوەنبایەخبوونی داهێنان، هۆنینەوە، نووسین، بەرهەمهێنان و بەتایبەت تۆمارکردن بە زمانی زگماکیی خۆیان و گەلیان کردووە و سەرەڕای تەواوی کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەمیان، بۆ ئەم مەبەستە تێکۆشانیان کردووە.
لەیلی و مەجنوون:
بەسەرهاتی شێعریی «لەیلی و مەجنوون»یش بۆتە جێی سەرنجی هەندێک لە شاعیرانی کورد و لە کۆنەوە لەجێی ئەوەی بە زمانی فارسی خەریکی گێڕانەوەی بن، ویستوویانە بە زمانی خۆیان و خەڵکی خۆیان بیگێڕنەوە و باسی بکەن، ئەوەی لەم گێڕانەوەشدا شایانی بیرلێکرنەوە بووە، گەیاندنی هەمان بەسەرهات، بە هەمان هەست و سۆز و لە هەمان کاتدا بە بۆن و بەرامێکی کوردانە بووە.
وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بەنرخە بۆ زمانمان چەندە گرینگە؛ تۆمارکردنی ئەوەندە و بگرە زیاتریش گرینگایەتیی هەیە. بۆ ئێمەی کورد ئەوەی کە جێگای داخە، تۆمارنەکردنی زۆرێک لە بەرهەمە سەرزارەکییەکانە، وەک هۆنراوە، شێعر و هەڵبەست، چیرۆک و کورتەچێرۆک و زۆر بابەتی ئەدەبی و کولتووری و بەرهەمی تر کە بەم هۆیەوە لەوانەیە بە نەمانی نەوەی شارەزا و ئاگادار لێیان، لەبیر خەڵک چووبنەوە. ئەم لەبیر نەمانە ئاکامگەلێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و یەکێک لەوانە نەمان یان کەمبوونی کاریگەریی ئەم بەرهەمانەیە لەسەر دەوڵەمەندترکردنی ئەدەب و زمان و تەنانەت ڕێنووسی کوردی و هەروەها لەسەر گەشەسەندنیان.
لەم چەند ساڵ و دەیەی کۆتاییدا خەڵکی کورد بە هەستکردن بە گرینگایەتیی تۆمارکردن و بڵاوکردنەوە، دەستیان داوەتە نووسینەوە و لەچاپدان و پێشکەشکردنی بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکانی ڕەسەنی کوردی و بەڵکوو وەرگێڕانی بەرهەمی زمانەکانی تر بۆ زمانی کوردی. لە چەرخی ئێستاشدا بە هەبوونی تۆڕی ئینترنێت و بەروپێشچوونی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی پەیوەندی، کورد لەسەر ئەم ڕێبازە هەر بەردەوام بووە و بە دەیان ماڵپەڕی خۆڕسک و خۆبەخش تایبەت بەم کارە ساز کراون کە جێگای پێزانینێکی زۆرن.
لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی تۆمارنەکرانی زۆر بەرهەمی کوردی، نەبوونی خوێندەواریی تاکی کورد و بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕامیاری و زانستیی کۆمەڵگای کوردی بێت. لە دەیەکانی ڕابردوودا بە هۆکاری جۆربەجۆر ناوچەی کوردەواری لە دواکەوتوویییەکی مەترسیداردا بووە و لە زۆر بواردا گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆی نەدیوە، بەڵام لەم کەشەشدا کەسانێکی بیرمەند و بلیمەت، بوونە هۆکارێک بۆ نەوەستانی کاروانی پێشکەوتنی زمان و وێژە و ئەدەبی کوردی. ئەو کەسایەتییانە لە هەر ئامرازێک کە لەبەردەستیان بووە بۆ ئەم مەبەستە کەڵکیان وەرگرتووە. بێــگومان پاراستنــی زمانـــی کــوردی لەڕووی زمانەوانی و ڕێــزمانی و ئەدەبیـیەوە و گەیشتنی بە دەستی ئێمە قەرزداری ئەم کەسانەیە.
بەڕێز «موحەممەدئەمین ئەیازی» سەرەڕای ژیان لە چەرخێک کە دەسەڵاتێک بۆ پشتگیری لە زمانەکەی نەبووە و تەنانەت بەپێچەوانە، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی پاشایەتی هیچ مەجالێکی بۆ خۆدەرخستن و گەشەکردنی زمانی کوردی نەهێشتووەتەوە، هەستی بە بەنرخبوون و دەوڵەمەندبوونی زمانەکەی کردووە و هەوڵی داوە بەپێی توانای خۆی ئەو دەوڵەمەندییە نیشان بدات. ئەم هونەرمەندە بە خوێندنەوەی چیرۆکەشێعری «لەیلی و مەجنوون»ی نیزامی و گوێگرتن لە تۆمارە دەنگییەکانی، بە پێنووسە زێڕینەکەی و بە دەستوخەتە جوانەکەی، دەستی داوەتە نووسین و تۆمارکردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیە بە زمانی دەوڵەمەندی کوردی.
چاپبوونی «لەیلی و مەجنوون»
لە ساڵی ٩٨ی هەتاویدا بڵاوگەی (آفرینش ادب) هەستاوە بە نووسینەوە و تایپکردنی ئەو بەرهەمە بە ڕێنووسی سەردەمیی کوردی. نووسراونەوەی ئەو کتێبە بە ڕێنووسی کوردی کارێکی دژوار و تاقەتپڕووکێن بووە. پێش نووسینەوە پێویست بووە دەقەکان بخوێندرێنەوە و …
… «شێعرەکان بە زمانی کوردی و بە ڕێنووسی فارسی بوون. سەر و ژێر و بۆر (فەتحە و کەسرە و زەممە) تێیاندا دانەندرابوو و هەر بۆیەش کاری خوێندەوەیان یەکجار قورس بوو. بەهۆی نەخۆشیی خاوەنی بەرهەم نەماندەتوانی لە یارمەتیی ئەو و زانیارییەکانی کەڵک وەرگرین.» … (عەلی پیرداوودی)
سەرەڕای هەموو گرانی و ناخۆشییەکان، توانراوە تەواوی دێڕەکان بخوێندرێنەوە و تایپ بکرێن. ئێستا دوای چوار ساڵ ئەو بەرهەمە لەچاپ دراوە و چاپی یەکەمی بۆ ئێوە خوێنەری ئەدەبدۆست و کوردیدۆست بەردەستە.
تایبەتمەندییەکانی «لەیلی و مەجنوونی کوردی»:
لەیلی و مەجنوونی کوردی ئامانجی ئەوە بووە کە چیرۆکی دڵداریی «لەیلی» و «مەجنوون» بۆ کوردزمانان و کوردیزانان بە شێوەیەکی تەواو و ئاسان و ساکار بگێڕێتەوە. بۆیە شێعرەکانی ئەو بەرهەمە بە زمانێکی زۆر ساکار و نزیک لە گوتاری خەڵکی کوردی موکریانە و تێگەیشتن لێی جگە بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە، بۆ خەڵکی ناوچەکانی تریش زۆر ئاسانە. ژمارەی دێرکان و لاپەڕەکانی بەرهەم پیشاندەری ئەوەیە کە دەتوانین ئەو کتێبە بە جۆرێک لە جۆرەکان، کورتکراوەیەک لە «لەیلی و مەجنوون»ی نیزامی بزانین.
سەرەڕای ساکاریی باسکراو، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێبەدا سەرنجتان بۆ لای زۆر وشە و دەستەواژەی کۆنی کوردی ڕادەکێشرێت. بۆ نموونە لە چەند دێڕدا باسی گیانلەبەر و ئاژەڵانی دەوری «مەجنوون» دەکردرێت. جێی تێڕامانە:
وەحشی دەشت و کێو، بێباڵ و باڵدار
دەوریان دابوو هەروەک خزمەتکار
لە شێر و پڵنگ، گورگ و گاکێوی
گوور و چەقەڵ، کەر و پشک و ڕێوی
ورچ و مەیموون و سەموور و سەگسار
ئاسکۆڵە، مارەسوور، دەڵەک و کەمتیار
سیسارک و کۆتر، سەقر و سەقاقوش
کۆلارە، هەڵۆ، واشە و بایەقوش
شاهۆ، ڕیشۆڵە، خرتۆل و شمقار
وەک دارکونکەرەی هێلانە لە دار
(…)
هێنانەگۆڕی ناوی ئەو ئاژەڵانە و زۆر نموونە و وشەی دیکە لەناو ئەو کتێبە، دەرخەری هەوڵدانی بێژەر و وەرگێڕە بۆ پاراستنی ئەو وشانە و زمانی دایکیانە. هەوڵدانێک کە بە سەرنجدانێک بە قۆناغی ژیانیان، هەموومان قەرزداری خۆیان دەکات. ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان.
نووسران و وەرگێڕانی ئەو بەرهەمە بە زمانی کوردی بێگومان خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی دەکات و دەبێتە هۆی دەوڵەمەندتربوونی زمانی کوردی. ئێستاش -دوای ٦٦ ساڵ- هیوادارین نووسرانەوەی بە ڕێنووسی کوردی ببێتە هۆی باشتر خزمەتکردنی کورد و زمانەکەی.
سەرنج: ئەو کارە لەسەر بنەمای «پاراستنی بەرهەمی سەرەکی» دامەزراوە بە جۆرێک کە «عەلی پیرداوودی» -ئەو کەسەی ئەرکی نووسینەوەی بەرهەم بە ڕێنووسی کوردیی لەئەستۆ بووە- باس دەکات:
«لە کاتی نووسینەوەدا بە هیچ شێوەیەک وشە و دێڕەکانمان نەدەگۆڕی و تەنانەت ئەگەر هەستمان بە هەڵەبوونی وەزن و قافییەی شێعرەکەش کردبێت دەستمان بۆ گۆڕینی درێژ نەکردووە. تەنیا لە چەند شوێنی دیاریکراودا بە زیادکردنی پیت یان وشەیەک و لەناو جووتکەوانەدا هەوڵی گەیاندنی مەبەستی ڕاستەقینەی شێعرەکانمان داوە.» (عەلی پیرداوودی)
بۆیەش لەوانەیە لە کاتی خوێندنەوەی هەندێک دێڕدا هەست بە هەڵەبوونی کێش و وەزن بکەن. بڕیار وایە لە داهاتوودا و لە چاپەکانی دواتردا، بە یارمەتیی «پسپۆرانی ئەدەبی» ئەو نالەباریانەش ڕاست بکرێنەوە.
ناسنامەی کتێب":
ناوی کتێب: لەیلی و مەجنوون
نووسەر: نیزامی گەنجەوی
وەرگێڕان و کۆکردنەوە: موحەممەدئەمین ئەیازی
ژمارەی چاپ: یەکەم
ساڵی چاپ: ١٤٠٢ی هەتاوی
نووسینەوە بە ڕێنووسی کوردی: عەلی پیرداوودی
هاوکاری خەتخوێن: ڕەسووڵ بۆکانی هیق
بڵاوگە: (آفرینش ادب)
قەوارە: وەزیری
ژمارەی لاپەڕە (تعداد صفحات): ٢٠٠
شێوازی ڕووبەرگ (جلد): گالینگور
وێنەکان (کرتە بکە لەسەریان):
داواکردنی کتێب (کڕین و دەستخستنی کتێب):
ماڵپەڕ و خزمەتگوزاریی «نووسین بە کوردی» ئاکامی ئەنجامدانی ئەرکی نووسینەوەی «لەیلی و مەجنوون» بە ڕێنووسی کوردییە. بۆیە داواکردنی ئەو کتێبە بۆ ئێوە هۆگرانی زمان و ئەدەبی کوردی دابین کراوە. لەڕێی بەستەری ژێرەوە دەتوانن داوای ئەو کتێبە بکەن و بەشێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) بیکڕن و لە ئاکامدا لەڕێی «پۆست» کتێبەکە دەست بخەن.
دەنگ بدەن بەم کتێبە:
Loading…