زەنگوڵەی ناڕەزایەتی:

دەگێڕنەوە یەکێک لە پادشاکانی سەردەمی کۆن فەرمان دەدا کە زەنگوڵەیەک لە پێش دەرگای کۆشک هەڵاوەسن بە نیشانەی ئەوەی کە هەر کەس ناڕەزایەتی و شکایەتێکی هەبایە چووبایە دەستی لە زەنگوڵەکە دابا و پادشا بەدەم هاوارەکەیەوە دەچوو. بەڵام چونکە دەسەڵات حاکم بوو و ئەگەر کەسەکە کاربەدەستێکی حوکوومەت نەبوایە، هیچی بۆ نەدەچووە سەر و هیچ کات گوێیان لەو نەدەگرت بەڵکوو سزاشیان دەدا، هەر بۆیە ساڵیانی ساڵ تێپەڕی و هیچ کەس نەیدەوێرا دەنگ لە زەنگوڵەکەوە بهێنێت. پادشاکەش بە کۆڵێک دڵخۆشییەوە دەیگوت: “ئەوەتا پادشا دەبێ ئاوا بێ، لەو وڵاتەیدا هیچ کەسی ناڕازی و هیچ شەڕ و کێشەیەک بوونی نییە”.
هەتا ئەوەیکە ڕۆژێک گوێدرێژێک بە پێش کۆشکدا تێدەپەڕێ، کلکی وە زەنگوڵەکە دەکەوێ. دەنگی بەرز دەبێتەوە!
پادشا دەڵێ ڕەنگە ئەو گوێدرێژە شکایەتی ساحیبەکەی کردبێ کە خۆی لە زەنگوڵەکە داوە. فەرمان دەدا کە گوێدرێژ و ساحیبەکەی ببەن بۆ محاکەمە.
گوێدرێژ و خاوەنەکەی دەبەنە کۆشک.

بەردەم پادشا:

پادشا ڕوو لە ساحیبەکەی دەکا و دەڵێ:
– دیارە کە زوڵمت لە گوێدرێژەکەت کردووە و هاتووە شکایەتی کردووە. تۆ دیارە یان لەوەڕ و گیات پێ نەداوە یان ئاوت نەداوە پێی.
خاوەنی گوێدرێژ دەڵێ: “قوربان من کابرایەکی هەژارم ناتوانم گژوگیای بۆ بکڕم، هەر کە کارم پێی تەواو بوو بەڕەڵای دەکەم بۆخۆی لەو دەشت و دەوەنە دەلەوەڕێ.”
پادشا دەڵێ: “کەوایە تۆ کێشەی هەژاریت هەیە؟ ئەوە من بڕە پارەیەکت دەدەمێ بۆ ئەوەی کە بەجوانی بەخێوی بکەی.”
ساحیبەکە لەناکاو قسەیەکی بەسەر زاری دادێ و دەڵێ: “قوربان گیان! خودا دەکا تۆ پارەم پێ دەدەی حەز دەکەی فێرە کتێب و دەرسیشی دەکەم!”
پادشا دەڵێ: “کەوایە چونکە ئەو قسەت کرد دەبێ فێری کتێب خوێندنی بکەی و ماوەی مانگێکت دەرفەتە هەتا ئەو کارە تەواو دەکەی.”

خوێندنی کەر:

کابرای ساحیب گوێدرێژیش بەس بۆخۆی و کچەکەی لە ماڵێکا دەژیان. کە گەڕایەوە ماڵ، کچەکەی دەپرسێ دەڵێ: “باوکە چی بووە ئاوا خەمباری لە کاتێکدا هەم بڕە پارەیەکی زۆرت پێیە و هەم گوێدرێژەکەشت هێناوەتەوە؟” باوکیشی هەمووی بۆ نەقڵ  دەکا. کچەکەی دەڵێ: “هیچ خەمت نەبێ ئەو کارە بسپێرە بە من، من ئەو گوێدرێژە فێرە کتێب خوێندنەوە دەکەم!”
کچەکە کتێبێکی هێنا و هەموو ڕۆژێ چەند دانە جۆی لەنێو یەکێک لە لاپەڕەی کتێبەکە دەکرد و گوێدرێژەکەش بە زمانی لاپەڕەکانی هەڵدەدایەوە و جۆیەکەی دەخوارد. ئەو کارە هەتا ئاخیری مانگ بەردەوام بوو.

کاتی محاکەمە:

کاتی محاکەمە دێت و پادشا دەستووری دا بچن بیانهێنن کە بزانن فێری کتێب خوێندنی کردووە یان نا.
دێنە بەردەم محاکەمە.
پادشا ڕوو لە ساحیبەی دەکا و دڵێ: “چیت کرد؟ فێر بوو یا سزات بدەم؟”
کابرا سەری بەرز دەکا و دەڵێ: “بەڵێ قوربان، زۆر باش فێرم کردووە.”
دەڵێ: “ئا دەی! نیشانم بدە بزانم.”
کابرا کتێبەکە دەهێنێ و لەپێش دەمی گوێدرێژەکە دای دەنێت بەڵام ئەو جارە هیچ جۆی بۆ تێ ناکات. گوێدرێژەکەش پێدادێ لاپەڕەکان هەڵدەداتەوە و بە کۆتاییی کتێب دەگا بەڵام هیچ جۆی تێدا نییە کە بیخوا. لە داخان دەمی بەرز دەکات و پڕ بە کۆشک دەزەڕێنێ.
کابرای خاوەنی دەڵێ: “ئەوەتا قوربان! بینیت کە فێرم کردووە و بە دەنگێکی پاراو خوێندییەوە، بەڵام من وەکوو تۆ لە زمانی گوێدرێژ تێ ناگەم?.”
ناچار پادشا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە هەر دووکیان ئازاد بکا و ئیتر فەرمانی ئاوا نەداتەوە…

سەرچاوە: بەسەرهاتی سەرزارەکیی خەڵک

دەنگ بدەن بەم کورتەچیرۆکە:

زۆر ناخۆشناخۆشمامناوەندخۆشزۆر خۆش
Loading...

محەممەد عەزیزیان

تا بمێنم شەتڵە تیشک و نەمامی مەحاڵ دەچێنم...

ئەم پۆستە خاوەنی بۆچوونێکە

بۆچوونتان لە ژێرەوە بنووسن (بڵاوکردنەوە دوای پێداچوونەوەیە!):