دەگێڕنەوە، فەرماندەی سوپایەک ویستی وڵاتێک داگیر بکات. کاتێک نزیک بوونەوە بچنە ناو وڵاتەکە، لەناو کێڵگەیەکدا پیرەپیاوێکیان بینی لەگەڵ کوڕێکی گەنجدا خەریکی کارکردن بوو.
فەرماندەی سوپاکە لە پیرەپیاوەکەی پرسی: “باسی وڵاتەکەتمان بۆ بکە، ژمارەی سەربازی سوپاکەتان چەندە؟ لە چ قۆڵێکەوە ئەتوانین بچینە ناوەوە؟”
پیرەپیاوەکەش وتی: “هەموو شتێکتان پێ ئەڵێم، بەڵام بە مەرجێک! ئەو کوڕە گەنجەی لەگەڵمدایە بیکوژن! بۆ ئەوەی نەبێتە شاهیدێک بە سەرمەوە، کاتێک من نهێنییەکەتان بۆ باس ئەکەم.”
وتیان: “تۆ ڕاست ئەکەی”. یەکێکیان شمشێرێکی لە ملی گەنجەکە دا و ملی پەڕاند، پیرەکەش تەماشای خوێنی گەنجەکەی دەکرد، چۆن ئەڕژایە سەر زەوییەکە.
پیرەپیاوەکە وتی: “ئەزانن ئەوە کێ بوو ئێوە کوشتتان؟”
وتیان: “تۆ پێمان بڵێ، ئێمە نایناسین!”
پیرەپیاوەکە: “ئەوە کوڕی منە…! ترسام بە بەرچاویەوە بمکوژن و هەموو زانیارییەکانی لێ وەرگرن. بەباشم زانی کوڕەکەم بکەمە قوربانی، نەک یارمەتیتان بدەم لە داگیرکردنی وڵاتم.”
فەرماندەی سوپاکە وازی لە پیرەکە هێنا و پیرەکەش تەرمی کوڕەکەی لە ئامێز گرت. دواتر گەڕانەوە و ڕووداوەکەیان بۆ پاشا باس کرد.
پاشا وتی: “سوپاکە پاشەکشە (عقبنشینی) پێ بکەن، باوکێک ئامادە بێ کوڕەکەی بکاتە قوربانی بۆ ئەوەی ئێمە وڵاتەکەی داگیر نەکەین، تێیدا سەر ناکەویـن.”
نوکتهی چیرۆک: “هەمیشە وڵاتان لە ناوخۆدا شکست دێنن. دار کرمی لە خۆی نەبێ، هەزار ساڵ دەژی.”
سەرچاوە: کاناڵی “زمانی دایکی” لە تێلێگرام و هەروەها لە پێشینیانیشم گوێ لێ بووە.